پەیوەندی نێوان زمان و بیرکردنەوە

ئیدریس عەلی

چۆن بیرکردنەوە گەشە بە زمان دەدات؟

پەیوەندی نێوان زمان و بیرکردنەوە پەیوەندییەکی یەکانگیرە،

چۆنییەتی بیرکردنەوەی تاک پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە زمانەکەیەوە هەیە. بیرکردنەوە پرۆسەیەکی مەعریفییە کە ڕێگە بە تاک دەدات پەیوەندی دروست بکات و مانا بۆ جیهانی دەوروبەری پەرەپێبدات. زمان سیستەمێکی پەیوەندییە کە دەنگ و ئاماژە و هێما لەخۆدەگرێت. بیرکردنەوە هۆکارێکە بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکە و خەونەکان و گۆڕینیان بۆ وشە و گوفتار و کردار و پاشان ڕەفتار،

بیرکردنەوە یەکێکە لە جۆرە گرنگەکانی چالاکیی هۆشیاری. بۆیە ناتوانرێت لە دەرەوەی زمان بە شێوەیەکی گونجاو وەسف بکرێت و لێی تێبگەین. بیرکردنەوە وەک پرۆسەیەکی هۆشیار دەتوانرێت وەک پەیوەندیکردن تێبگەین. وە پەیوەندی بەبێ زمان مەحاڵە. ئەم پەیوەندییەی نێوان زمان و بیرکردنەوە لە زمانەوانی مۆدێرن مشتومڕی زۆری لەسەرە، زمان سەرەکییە، یەکلاکەرەوەیە، بەڵام هەمیشە تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە. مرۆڤەکان هەندێک شێوەی قسەکردن و دەربڕینی زمانەوانی دادەهێنن و دروستی دەکەن ئەو بیرکردنەوانەی کە ئاراستەی ئاخاوتن و زمان دەکرێن، پێیان دەوترێت بیرکردنەوەی زمانەوانی. بیرکردنەوەکان بە ئاگادارییەوە لە وشەکاندا بەرجەستە دەبن.

بە وشە بیرکردنەوەکانمان دەبنە مانادار. لە قسەکردنی مرۆڤدا تێگەیشتن، هۆشیاری، هەستکردن وەک پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی زمانەوانی گەشە دەکات، کاریگەری لەسەر سیستەمی نوێی زمان دروست دەبێت. تێگەیشتن لە قسەکردن بەزۆری دابەش دەکرێت بەسەر ناسینەوەی قسەکردن و تێگەیشتن لە قسەکردن. تێگەیشتن لە مانای ئەو شتەی کە وتراوە و چۆنیەتی دەربڕینی.

پەیوەندی نزیکی زمان و بیرکردنەوە دەتوانرێت پاساو بۆ ئەوە بهێنرێتەوە کە مانا پێکهاتەیی و چەمکییەکان پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە. مەبەست لە بابەتەکە نیشاندانی ئەوەیە کە چۆن بیرکردنەوە پەیوەستە بە زمانەوە و چۆن بیرکردنەوە لە وشەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، مرۆڤ زمان بەکاردەهێنێت بۆ ڕوونکردنەوەی بیری خۆی و کەسانی تریش.

لە فەرهەنگی زمانی نووسیندا ئاگاداری وەک دەرهەستاندن و مەوداگیری و پەیدابوونی دەرفەت بۆ بیرکردنەوە دروست دەبن. فەرهەنگی نووسین لە فێرگەدا باڵادەستە و بەڵام بۆ هەندێک فێرخواز کێشەدارە چونکە هەندێک فێرخواز سەر بە فەرهەنگی نووسین نییە و توانای گێڕانەوەی باسی دەرهەست یان دوورەدەستی لاوازە، مرۆڤ کاتێک بیردەکاتەوە بیرۆکەی نوێی بۆ دروست دەبێت و توانای بەرهەمهێنانی چەمکی نوێ و قسەی نوێشی دەبێت و بەمەش زمان گەشەدەکات.

واڵی نووسەر