زێدەڕۆیی ئاهەنگەکانی دەرچوون و بۆشایی دەروونی
موحەممەد دلێر
نووسینی: محهمهد دلێر
ئەوەی خەیاڵی زۆرێک لە گەنجانی زانکۆ سەرقاڵ دەکات بەتایبەتیش قۆناغی چوار، توێژینەوەی زانستی و پڕ سەرچاوە نییە، بەڵکو ئاهەنگی دەرچوون و شێوەپەرستییە.
لێرەدا هێندەی دەمەوێت بە چەند خەتێک کێشەی دروستکەری ئەم زیادەڕۆیییە بخەمە ڕوو، هێندە نامەوێت ئەو بڕیارە بدەم ئایا خودی ئەم ئاهەنگانە باشن یاخود خراپ. چون ئەوە پەیامی ئاهەنگەکانن و بۆ خۆیان دەبنە سەنگی مەحەک بۆ ئەو جۆرە بڕیاردانە.
لەم بابەتەدا باس لە زێدەڕۆیی دەکەین، کە وەهای دەبینم ڕەگ و ڕیشەی دەروونیی هەیە لە ناخی مایلی ئەم جۆرە بۆنانە«ئەوانی زێدەڕۆیی تێدا دەکەن».
ئەم ئاهەنگانە ئەوەندەی پڕکردنەوەیە، ئەوەندە خاڵیبوونەوە نییە!
گەر ئەوانە بدوێنین کە زیاد لە دۆخی ئاسایی مەیلی ئەم جۆرە ئاهەنگانە دەکەن، دەبینیت باس لە خۆخاڵیکردنەوەی خۆیان دەکەن لە ماندووێتیی شازدە ساڵی ڕابردوو، دەیانەوێت خاڵێکی کۆتایی بۆ ئەو گەشتە کورتەی ژیان دابنێن. ئەمە ڕاستە، مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئارەزووی لەوەیە بەرهەمی خۆی بچنێتەوە، بەڵام ئایا بەرهەمی پڕۆسەیەکی پەروەردەیی-زانستی، توێژینەوەی پێویست و بەپیتە یان ئاهەنگی دەرچوون؟! کێشەمان لەگەڵ خودی ئاهەنگی دەرچووندا نییە بەڵکو کێشەمان لەجیاتیدانانی بازاڕکردن و جلوبەرگە لە جێی توێژینەوە و تێکۆشان.
بۆچی ئەم جۆرە کارانە هێندەی خۆپڕکردنەوەیە هێندە خۆخاڵیکردنەوە نییە؟
ڕاستییەکەی ئەم زیادەڕەوییە لە خۆڕازاندنەوە و خۆبەدەرخستن، ڕەگەکانی دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی ئەم دەروونانە، چون تا ئەو تەمەنەی وەک کەسێکی گرنگ سەیر نەکراوە و گرنگیی پێنەدراوە، بەڵام دەتوانێت تۆڵە بکاتەوە و نەک گرنگیی پێبدرێ بەڵکو دیاریی بۆ بهێنرێت و وێنەی لەپاڵدا بگیرێت و بەو بەرگەی دەیخوازێت وێنەی لە بەرزایی بیناکانەوە دابنرێت. ئەم خاڵە وا دەکات کە ئەم کەسە چەندێک لەم ڕووەوە کەمی هێنابێ، بەراورد بە کەسێکی ئاسایی هێندە زێدەڕۆیی لە خۆبەدەرخستندا بکات
لەبەر ئەوە، ئەم جۆرە دەروونانە ئەو بۆشاییە دەروونییە پڕ دەکەنەوە لەبری ئەوەی خۆیان خاڵی بکەنەوە. ئەم کەموکورتییە بەشدارە لە زۆرێک لە هەڵە کۆمەڵایەتییەکانیش، کەسانێک بە نوواندنی لووتبەرزی، تێکشکاویی دەروونیان دەشارنەوە یان بە پێکەنینی زیادیان خەمی خۆیان دەشارنەوە. ڕەنگە وا بکەن بتوانین بڵێین هەر زێدەڕۆییەک لە ڕووکەشدا هەوڵدانە بۆ شاردنەوەی کەموکورتییەک لە ناخدا.
خاڵێکی تریش بریتییە لە ڕازینەبوون لە خود، ئەم زاتە دەیەوێت شتانێکی هەبن تاوەکو ڕووی هەڵبێت لە ئاوێنەدا لە خۆی بنواڕێت، د.ئیبراهیمی دینانی دەڵێت «کەسانێک، بە شتێلێک کە هەیانە، بوونی خۆیان لەیاد دەکەن» ڕاستییەکەی کەسانی زێدەڕۆییکار نایانەوێت بۆ تاوێک لە خودی خۆیان بڕوانن و لێیان بڕوانرێت، دەیانەوێت تێکشکاوی و برینی دەروونیان بەم شتە ڕووکەشانە بشارنەوە، ئەوەیشی وای کردووە ئەو بۆنانەی وا دەکەن کەسەکان خۆیان بەدەربخەن جا هەر ناوەڕۆکێکی هەبێت زۆرترین داخوازیی هەبێت، ئەوەیە کە تاکی ئەم سەردەمە زۆرینەی نزیک لە هەموو خاوەنی دەروونێکی شەکەت و زامدارە، ڕۆژانە بریندار دەکرێت و بەر زبرییەکانی ڕۆژگار دەکەوێت، دەیەوێت بە ڕێگایەک ئەگەرچی هەڵەش بێت ساڕێژی ئەم برینانەی بکات.
چارە ئەوەیە مرۆڤ پێویستە شادیدەڕبڕین و بۆنەکانی بەشدارییان تێدا دەکات بە ڕێگەیەک و ناوەڕۆکێک ئەنجامیان بدات کە شایەن بە ئاستی پەیامی مرۆڤبوون بێت، نەک لە پێناو ڕۆژێکدا ماددی و مەعنەوی بارێک بخاتە سەر شانی خۆی کە هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینەی بۆ هەڵگرتنی ئەو بارە نییە، گەرنا لە سنووری خۆیدا مرۆڤ پێویستی بە شادی دەربڕین و سوپاس و پێزانین و لە دەوری یەک کۆبوونەوە هەیە و ئەوە نەک زیادەڕۆیی نییە بەڵکوو بەشێکە لە پێویستییەکانی.


سۆشیالمیدیاکانی نووسەر: