سیستەمی فێرکاری لە هەرێمی کوردستاندا: گوێڕایەڵی یان بەرپرسیارییەتی؟
ئیدریس عەلی
ئایا سیستەمی فێرکاری لە هەرێمی کوردستاندا سیستەمی گوێڕایەڵییە یان سیستەمی بەرپرسیارییەتی؟
بە بۆچوونی ئێمە، سیستەمی فێرکاری لە هەرێمی کوردستان هێشتا سیستەمی کلاسیکیی تێنەپەڕاندووە و بریتییە لە سیستەمی گوێڕایەڵی؛ مامۆستا سەنتەرە، دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و بەدەستهێنانی نمرەی بەرزیش پێوەری زیرەکییە. واتە، پێوەری هەڵسەنگاندن تەنها نمرەیە. لە هەڵسەنگاندندا، زانیاری و پڕۆژە و داهێنان هیچیان پێوەر نین؛ تەنها نمرە پێوەری زیرەکییە. ئەگەر باشترین داهێنان لە کوردستان بکەیت، بەڵام نمرەی بەرزت بەدەست نەهێنا، ئەوا تۆ هیچ نیت لەناو پرۆسەی فێرکاریدا.
لەبەرکردن تاکە ڕێگەی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بەپێی پۆلێنکردنەکەی بلوم، لەبەرکردن نزمترین ئاستی بیرکردنەوەیە. سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکە بۆ پێگەیاندنی تاکێکی نمرەبەرز. ئەو نمرەیەش لە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی زۆر سادەدا بەدەست دێت، کە بنەمایەکی کەمی هەڵسەنگاندنی زانیاری و مەعریفەی تێدایە و بریتییە لە تاقیکردنەوەی فرەهەڵبژاردن، کە تەنها بەشێکی کەمی زانیاری هەڵدەسەنگێنێت. کارلێکی جڤاکی زۆر کەمە لەناو سیستەمی فێرکاریی هەرێمی کوردستاندا. هەبوونی مەلزەمەش باشترین سەرچاوەی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە، لە کاتێکدا مەلزەمە کوشندەترین ژەهرە بۆ گەشەی هزر و بیری فێرخواز.
خۆشبەختانە، لەم ساڵانەی دواییدا لە هەندێک خوێندنگە و قوتابخانە، وردە وردە پرۆسەی فێرکاری هەنگاوێکی لە گوێڕایەڵییەوە ناوە بەرەو بەرپرسیارییەتی. من لە ئەزموونی مامۆستایەتیی خۆمدا، لە سەرەتادا، هەم فێرکاریی گوێڕایەڵی و هەم بەرپرسیارییەتیم تێکەڵ دەکرد، بەڵام خۆشبەختانە وردە وردە گۆڕانکاریم کرد بەرەو سیستەمی فێرکاریی بەرپرسیارییەتی و کاری گرووپ و کارلێکی بەهێزی جڤاکیانە و بەکارهێنانی کارامەیییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.
لە دیدی منەوە، سیستەمی فێرکاریی بەرپرسیارییەتی گونجاوترینە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لەم سیستەمەدا ئەرک دەدرێتە فێرخواز تا خۆی ئەنجامی بدات و کارلێکی جڤاکیش زۆر گرنگە، چونکە شێوازی گرووپ لەناو پۆلدا پەیڕەو دەکات. مامۆستا تەنها ئەرکی ڕێنوێنیکردن دەبینێت و دەبێتە هاندەر و پاڵنەر و هاوسۆزی فێرخوازان. لەم فەرهەنگەدا پشت بە بەکارهێنانی کارامەیییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەبەسترێت، کە لە لەبەرکردنەوەوە دەست پێدەکات بۆ تێگەیشتن، پوختەکردن، ئەنجامدان، جێبەجێکردنی ئەوەی فێرخواز فێری بووە لە شوێن و بەستێنێکی تردا، هەروەها توانای شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و داهێنان بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنێت. لە ئەنجامدا، تاکێکی هۆشیار، لێهاتوو، خاوەن پڕۆژە، بەرهەمدار، داهێنەر و چاوکراوە پێدەگات.
کەواتە، بۆمان دەرکەوت کە فەرهەنگی بەرپرسیارییەتی یەکێکە لە فەرهەنگە گرنگەکان، کە تێیدا فێرخواز دەگاتە ئاستێکی باڵا. بۆیە، پێویستە کار بکرێت بۆ لاوازکردنی فەرهەنگی گوێڕایەڵی و گۆڕینی بۆ فەرهەنگی بەرپرسیارییەتی؛ ئەمەش لە ڕێگەی سیمینار، وۆرکشۆپ، نیشاندانی گرنگیی کاری پێکەوەییی نێوان مامۆستا و فێرخواز و خێزان، هەروەها وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی لەلایەن هەر سێ لایەنەکەوە لەپێناو بەرەوپێشچوونی ئاستی فێرخواز. کارکردنی پێکەوەییی هەرسێ لایەن بۆ فەراهەمهێنانی ژینگەیەکی گونجاوە، تاوەکوو فێرخواز تێیدا ئاسوودە بێت و پرۆسەی فێربوون بە باشی بەرهەم بێت.
هاوبەندیی نێوان مامۆستا، فێرخواز و خێزان، بنەمای فەرهەنگی بەرپرسیارییەتییە. ئەگەر ڕاهێنەرانی پەروەردەیی بیانەوێت ڕێنماییی مامۆستایان بکەن لە پەروەردەکردنی فێرخوازێکی سەرکەوتوو، بەرهەمدار، چاوکراوە و داهێنەر، ئەوا دەبێت هەریەک لە مامۆستایان، فێرخوازان و خێزان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو بەرژەوەندیی فێرخوازاندا. واتە، پێویستە هەرسێ لایەن هەستن بە ئەرکی بنەڕەتیی خۆیان، کە بەرپرسیارییەتیی پەروەردەکردنی فێرخوازانە.


واڵی نووسەر