ستراتیژییەکانی هەڵسەنگاندن بۆ فێرخوازان

ئیدریس عەلی

ستراتیژییەکانی هەڵسەنگاندن بۆ فێرخوازان

فێرخوازان پێویستە ستراتیژییەکانی هەڵسەنگاندن فێربکرێن کە دەبنە هۆی پەرەپێدانی زانیار و مەعریفە و بریتیین لە:

١. تەنکە خوێندنەوە (داودۆزی)، فێرخواز لە سەرەتادا لە ڕێگەی تەماشاکردنی ناونیشان و پێڕست و پێشەکی کتێبەکەوە بەرچاو ڕوونی لەسەر دەقەکە بۆ دروست دەبێت

٢. نەخشدۆزی : پێویستە نەخشە گشتییەکە بدۆزێتەوە، واتە جار جار پێویستە سەرێک هەڵبڕێت و سەیری کۆی نەخشەکە بکات واتە بۆ خوێندنەوەی پەرتوکێک ڕابمێنێت لە مەبەستی نووسەر و کۆدەکان بکاتەوە و سەیری وێنە گەورەکە بکات و تێگەیشتنی قووڵتر دەبێت و مەعریفەی گەشە دەکات.

٣. بەستێن دۆزیش دەدۆزێتەوە، واتە ئەو دۆخەش (سیاق)ەش لەبەرچاو دەگرێت کە بەستێنەکەی تێدا نووسراوە.

٤. گشتە گەورەترە لە پارچەکان، واتە پارچە پارچەکان پێکەوە گشتە پێکدەهێنن و هاڤبەندی لە نێوانیان دروست دەبێت و بەمەش زانیار «مەێریفە» گەشە دەکات.

٥. بەرهەستاندن فێردەکرێت، واتە فێرخواز ئەوەی لە زانیار «مەعریفە» فێری بووە، لە شێوەیەکی تر و بە کرداریی دایدەڕێژێتەوە

٦. بتەوکردنی بەڵگەکاری بهێنێتەوە، بۆ پشتگیری لە قسە و سەرنج و بۆچوونەکانی پێویستە بەڵگەکاری بهێنێتەوە.

٧. نابێت لە بابەتە گشتییەکە لابدات، واتە فێرخواز پێویستە ئەو بابەتەی قسەی لەسەر دەکات پەیوەندیدار بێت نەوەک هەڕەمەکی و لەخۆوە قسە بکات.

٨. پرسیار پێویستە پرسیار بهێنێتە پێشەوە، فێرخواز پێویستە لە کاتی وەڵامدانەوە هەندێ پرسیار بکات بەمە مامۆستا دەزانێت زانیار و مەعریفەی فێرخواز باڵای کردووە. یان گەشەکردنی زانیار و مەعریفە بەپێی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لەژێر ڕۆشنایی پۆلێنکردنەکەی بلومدا، فێرخواز توانای هەیە ببێتە تاکێکی پڕ زانیار «مەعریفە» و داهێنەر و خاوەن پرۆژە. پۆلێنکردنەکەی بلوم، کە لە سێگۆشەیەکی دوو بەشی شێوە هەڕەمی شەش خاڵیی لەخوارەوە بۆ سەرەوە دروستکراوە، بەشی یەکەمی کە لە خوارەوە دەستپێدەکات، لەم بەشانە پێکدێت: «بیرهێنانەوە، تێگەیشتن، جێبەجێکردن».

بەشی دووەمی، کە بەندە لەسەر بەشی یەکەم، لەم بەشانە پێکدێت: «شیکردنەوە، هەڵسەنگاندن، داهێنان».

فێرخواز بۆئەوەی ببێت بە تاکێکی داهێنەر و خاوەن پرۆژەی خۆی، پێویستە یەک لەدوای یەک ئەم بەشانەی پۆلێنکردنەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە تێبپەڕێنێت.

خاڵی یەکەم لە بەشی یەکەمدا کە بێرهێنانەوەیە و لە بەشی خوارەوەی سێگۆشەکەیە و ناساندن و ناوهێنان و لەبەرکردن دەگرێتەوە، کە سەرەتاییترین بەشی زیرەکین، واتە بەپێی پۆلێنکردنەکە لەبەرکردن (دەرخکردن) نزمترین ئاستی زیرەکییە، دەتوانین بڵێین هەڵسەنگاندن بۆ ئەزبەرکردنی بابەتەکان سەرەتاترین ئاستی زیرەکییە، پاشان فێرخواز سەردەکەوێت بۆ خاڵی دووەم، کە تێگەیشتن و پوختکردنەوە و کورتکردنەوە دەگرێتەوە.

فێرخواز دوای ئەوەی ناوهێنان و ناساندن و گەیاندن و لەبەرکردنی تێپەڕاند، پێویستە توانای ئەوەی هەبێت کە خۆی بابەتەکان و تێکستەکان کورت و پوخت بکاتەوە، پێویستە لە هەڵسەنگاندندا ڕەچاوی توانای پوختکردنەوەی بابەتەکان بکرێت، دواتر بۆ خاڵی سێیەم سەربکەوێت، کە «جێبەجێکردن»ـە، واتە ئەوەی فێری بووە و لەبەریکردووە، دەبێت خۆی لە شێوەیەکی (فۆڕمێکی) تر و لە جێیەکی تردا دایبڕێژێتەوە و بەکاری بهێنێت، پاشان سەردەکەوێت بەرەو بەشی دووەمی سێگۆشەکە، کە لە خاڵی چوارەمەوە بە خاڵی «شیکردنەوە» دەستپێدەکات، ئەم خاڵەش بەراوردکاری و دژیەک و جیاوازی دەگرێتەوە، واتە دەبێت فێرخواز خۆی بتوانێت بەراوردکاری و جیاوازییەکان لە تێکستەکان دروست بکات و دەریان بهێنێت، دواتر بۆ خاڵی پێنجەم سەردەکەوێت، کە «هەڵسەنگاندن»ـە، فێرخواز توانای ئەوەی دەبێت هەڵسەنگاندن بکات و بڕیار بدات و توانای بڕیاردانی سەربەخۆی بۆ پەیدا دەبێت و بڕیار لەسەر باش و خراپ دەدات و هەڵسەنگاندن دەکات، دوای ئەوەی توانی هەڵسەنگاندن بکات و بڕیار بدات، خاڵی کۆتایی دێت، کە فێرخواز خۆی دەبێتە خاوەنی پلان و پرۆژەی خۆی و بەمەش توانای داهێنانی دەبێت و دەبێتە داهێنەر، کەواتە پێویستە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا داهێنان و پرۆژە و خۆبڕیاردان ببنە پێوەر، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵسەنگاندن لەبری ئەوەی بە پێی کارامەیی و زیرەکی و لێهاتوویی و داهێنان و بەرهەم و پرۆژەی نوێ بێت، نمرە کراوەتە تاکە پێوەر ئەویش هەمووی کورت کراوەتەوە لە فرە هەڵبژاردندا و لەبری بەرەوپێش چوون بۆ دواوە گەڕاوینەتەوە چونکە پێشتر لە هەڵسەنگاندنەکاندا هەڵسەنگاندنی زارەکی ، هۆ و ئەنجام و پرسیاری کراوە و بۆشایی و نووسین هەبوو ئێستا هەمووی بووە بە فرە هەڵبژاردن بە تایبەت لە قوناغی دوازدەیەمی ئامادەیی کە زانیار «مەعریفە» تێیدا بە باشی گەشە ناکات.