پۆلێنکردنی بلوم و دۆخی موسوڵمانان

پێشەوا مەحمود

پۆلێنکردنی بلوم و دۆخی موسڵمانان

دۆخی نالەبار و خراپی موسڵمانان لە زۆربەی سێکتەرەکانی ژیانی ئەمڕۆدا لەسەرانسەری جیهاندا، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئێمە چەندە لە ئیسلام و فێرکارییە قورئانییەکان دابڕاوین. تێگەیشتنمان بۆ قورئان تەنها لە خوێندنەوە و لەبەرکردندا ماوەتەوە و تەجوید و جوان خوێندنەوەی قورئان بووەتە گرنگترین بابەت لەلامان. لە گرنگیی جوان خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئان کەم ناکەمەوە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە قورئان تەنها بۆ خوێندنەوە و لەبەرکردن نەهاتووە، بەڵکو ڕێبازی ژیانە. سەرنجی ئەم ئایەتە پیرۆزە بدەن، پێغەمبەر (د.خ) سکاڵا دەکات و دەفەرموێت: (وَقَالَ ٱلرَّسُولُ يَٰرَبِّ إِنَّ قَوۡمِي ٱتَّخَذُواْ هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانَ مَهۡجُورٗا) (سوورەتی فورقان - ئایەتی ٣٠)، واتە: (پەروەردگارا، بەڕاستی قەومەکەم وازیان لەم قورئانە هێناوە و پشتگوێیان خستووە و گرنگیی پێ نادەن).

لەکاتێکدا ئەگەر پێوانەی فێرکارییەکانی قورئان بە هەڕەمی بلوم بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێمە هێشتا لە نزمترین ئاستی فێربوونداین کە ئاستی زانین و لەبەرکردنە. لێرەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر پێوانەی بلوم و دۆخی موسڵمانان بۆ فێرکارییە قورئانییەکان.

هەڕەمی بلوم

دابەشکردنی ئاستەکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجی فێربوون، کە بۆ یەکەمجار زانای دەروونناس بنیامین بلوم لە زانکۆی شیکاگۆ لە ساڵی ١٩٥٦ پێشکەشی کرد. ئەم دابەشکارییەی بەشێوەی هەڕەمیی ئەنجام دا. ئەم هەڕەمە لە سێ بابەتی سەرەکی پێک دێت (درککردن، ڕەفتارەکان، کاردانەوە دەروونییەکان). ئەم هەڕەمە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و ئێمە تازەترینیان بەکاردەهێنین، بەم شێوەیە:

• درک و زانین: لە بنچینەی هەڕەمی بلومدایە. تەنها زانین و لەبەرکردنی ڕاستی و زاراوە و یاسا و تیۆرییەکان دەگرێتەوە بەبێ تێگەیشتن. ئەم ئاستەی فێربوون وەک پردێک بەکاردێت بۆ پەڕینەوە بۆ ئاستەکانی تری فێربوون.

• تێگەیشتن: بە تێپەڕاندنی لەبەرکردن دەگەینە ئاستی تێگەیشتن، کە بریتییە لە وەرگرتنی واتای بیرۆکە و زانیارییەکان و ڕوونکردنەوە و پۆلێنکردن و کورتکردنەوەیان. ئەم ئاستە بناغەی کارامەیی بیرکردنەوەی ئاڵۆز دادەنێت و ڕێگا بۆ پرۆسەی فێربوونی پێشکەوتووتر خۆش دەکات.

• جێبەجێکردن: بریتییە لە بەکارهێنانی زانیارییەکان لە شوێن و کاتی جیاوازدا و چارەسەرکردنی کێشەکان. هانی فێرخوازان دەدات زانیارییە بەدەستهێنراوەکانیان بکەنە کردار. ئەمەش گواستنەوەی تێگەیشتنە بۆ چوارچێوەیەکی نوێ کە کردارە.

• شیکردنەوە: ئەم بەشەی هەڕەمی بلوم باس لە بەشکردن و جیاکردنەوە و ڕێکخستنی زانیارییەکان و دۆزینەوەی پەیوەندی لە نێوان زانیارییەکاندا دەکات بۆ بەدەستهێنانی چارەسەری گونجاو. ئەو کارامەییانەی لەم قۆناغەدا پەرەیان پێ دەدرێت، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە.

• هەڵسەنگاندن: ئەم قۆناغە سەرنجی لەسەر هەڵسەنگاندنی گرنگیی زانیاری و بیرۆکە و بەڵگەکانە. پێویستی بە ئاستێکی قووڵتر لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە. بریتییە لە بڕیاردانی ئاگادارانە لەسەر بنەمای پێوەرە تایبەتەکان، بە لەبەرچاوگرتنی چەندین دیدگا و جیاکردنەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دیدە جیاوازەکان.

• داهێنان: لوتکەی هەڕەمی بلومە و توانای داهێنانکردن لە زانیارییەکان دەگرێتەوە.

خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئان گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە و پاداشتێکی نەبڕاوەی هەیە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین، هەموو ئامانجی موسڵمانان بووەتە جوان خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئان، لەکاتێکدا بەپێی هەڕەمی بلوم، ئەمە یەکەمین و نزمترین ئاستی فێربوونە. دەبێت ئەو ئاستەی فێربوون تێپەڕێنین و بگەینە ئاستی تێگەیشتن لە قورئان و پاشان جێبەجێکردن و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی مەفهوومە قورئانییەکان و لە کۆتاییدا تەرزێکی نوێ لە فیکری ئیسلامی پێشکەش بکەین. هاوەڵان لە خزمەت پێغەمبەر (د.خ) کاتێک ئایەتێکیان لەبەردەکرد، پاشان لێی تێدەگەیشتن و کاریان پێدەکرد، ئینجا دەچوونەوە بۆ لای پێغەمبەر (د.خ) و ئایەتێکی دیکەیان وەردەگرت. واتە تا بەتەواوەتی فێری ئەو ئایەتە نەبوونایە و جێبەجێیان نەکردایە، بۆچوونیان وابوو کە هێشتا فێر نەبوون. پرسیارەکە ئەوەیە ئەی ئێمەی موسڵمان لەمڕۆدا تا چەند و پ ئاستێک توانیومانە فێری فێرکارییە قورئانییەکان بین؟

ئامادەکردنی: پێشەوا مەحمود

واڵی نوسەر