پێنج ڕێگا بۆ بوون بە هاوڕێی هەرزەکار

نووسینی: جاسم موتەوەع | وەرگێڕان: پێشەوا مەحموود

پێنج ڕێگا بۆ بوون بە هاوڕێی هەرزەکار

د.جاسم محمد موتەووەع

وەرگێڕان: پێشەوا مەحموود

هەرزەکاری قۆناغێکی گرنگە و ڕەنگە دایک و باوک منداڵەکانیان لەدەست بدەن بەهۆی خراپ مامەڵەکردنیان یان تێنەگەیشتن لە سروشتی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەریاندا دێت.

یەکەم: گفتوگۆکردن لەگەڵیان و ڕاوێژ پێکردنیان

کاتێک هەرزەکار باسی بابەتێکی دوورودرێژ دەکات، ئێمە درێژە بە گفتوگۆکە بدەی لەگەڵیدا، چونکە لەم قۆناغەدا حەزی لە قسەکردنی زۆر و نموونە هێنانەوە و بەکارهێنانی وشەی سەیروسەمەرە هەیە بۆ ئەوەی وات لێبکات بڕوا بە بۆچوونەکانی بکەیت. ئەگەر دەنگی بەرز کردەوە یان لە کاتی قسەکردندا گرژ بوو، لەم حاڵەتەدا لێی توڕە مەبن یان گفتوگۆکە مەبڕن، بەڵکو لە گفتوگۆدا فێری ئەتەکێتی بکەن و لەبری دەمارگیری و هەڵچوون بە نەرمی قسەی لەگەڵ بکەین و هەڵەکەی بۆ ڕاست بکەینەوە چونکە ئێمە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەین و گوێی لێدەگرین. دەبێت ئەوەش زیاد بەکەین بە وەرگرتنی بۆچوونەکەی و ڕاوێژکردن لەگەڵیدا سەبارەت بەو شتانەی کە دەمانەوێت بیکڕین یان پلاندانان بۆ پشوویەک یان لە کاتی کڕینی کەلوپەلی ماڵەوە یان چاککردنەوەی هەندێک ئامێری تێکچووی ماڵ. وەرگرتنی بۆچوونەکەی وا دەکات هەست بکات کە گرنگە و یارمەتیدەرە لە پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵیدا.

دووەم: گوێگرتن و ئاراستەنەکردنی ڕەخنەی خێرا

ئەگەر قسەی کرد گوێی لێبگرین تەنانەت ئەگەر ئەو وشانەی دەیڵێت لەگەڵ ئێمەدا نەگونجێت یان بەدڵمان نەبێت یان هەڵەی ڕەفتار یان ئایینی تێدابێت. گوێگرتن لێی هەستێکی گرنگی پێدەبەخشێت و وا بیردەکەنەوە بیرۆکەکانیان پشتگوێخراو و بێ بایەخ نین. پاشان داوای لێبکەین گوێمان لێبگرێت وەک چۆن گوێمان لێگرت. ئەگەر شتێک بڵێت کە ئێمە حەزمان لێی نییە، پەلە نەکەین لە ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەی ئەوەی دەیڵێت. بەڵکو سەرەتا لەگەڵیدا گفتوگۆ بکەین و دواتر نیشانی بدەین کە بیرۆکەکانی هەڵەن.

سێیەم: یاریکردن و هاوبەشکردنی ئارەزووەکانی.

ئەو یارییانەی کە خۆشی دەوێت لەگەڵیدا یاری بکەین ، جا یارییە ئەلیکترۆنییەکان بێت یان بەخێوکردنی ئاژەڵ یان کێشانی تابلۆی هونەری یان خوێندنەوە، یان خولیا و یارییەکانی تر. هەست دەکات ئێمە لەگەڵیداین و خۆشمان دەوێت و جیاوازی تەمەن کاریگەری لەسەر پەیوەندی دایک و باوک نییە. ئێمە پەیوەندی فەرمی و ڕێنماییکار بەم شێوازانە دەشکێنین.

چوارەم: دەربڕینی خۆشەویستی لە ڕێگەی دەربڕینەوە،

جارجارە بۆی دووبارە بکەینەوە کە خۆشمان دەوێت و بیری دەکەین، یان لە ڕێگەی دیاری پێشکەشکردن و باوەش و ماچەوە دەریبڕین. لەوانەیە دایک و باوک تێبینی ئەوە بکەن کە کوڕەکە لە بابەتی دەربڕینی خۆشەویستیدا جیاوازە لە کچەکە، بەو پێیەی کچەکە دڵخۆش دەبێت کاتێک گوێی لە وشەی سۆزداری دەبێت و هەمان هەست ئاڵوگۆڕ دەکات، لەکاتێکدا کوڕەکە زیاتر لە کاتی دەربڕینی خۆشەویستیدا بێدەنگ دەبێت، یان لەکاتی باوەشکردندا ڕەق دەوەستێت، ئەمەش شتێکی ئاساییە لە جیهانی کوڕان و پیاواندا بەڵام دەبێت بەردەوام بین لە دەربڕینی خۆشەویستی.

پێنجەم و کۆتایی: چاندنی ئیمان و خۆشەویستی بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی.

مەبەستمان لەم بەردەوامبوونە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەتی لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی، چونکە هەندێک لە هەرزەکاران لەم ماوەیەدا حەزیان بە نوێژ و جێبەجێکردنی سوننەت نامێنێت، هەروەک چۆن ئارەزووی خوێندنیان لاواز دەبێت. کەواتە نابێت دایک و باوک بێزار بن بە بەردەوامبوون لە بیرخستنەوەیان و هاندانیان بۆ ئەوەی حەزیان لە گوێڕایەڵی و پەرستنی خودا بێت.

ئەمانە پێنج شێوازی زێڕین بوون پەیوەندی نێوان هەرزەکار و دایک و باوک بەهێزتر دەکەن و پەیوەندییەکە دەگۆڕن بۆ هاوڕێیەتی. ئەم بابەتەم لە ئایەتێکی قورئان و فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) وەرگرت. سەبارەت بە ئایەتەکە، سەرنجی گفتوگۆی ئیبراهیم ( سەلامی خودای لەسەر بێت) لەگەڵ کوڕە هەرزەکارەکەی بدەن، (فَبَشَّرْنَاهُ بِغُلَامٍ حَلِيمٍ (102) فَلَمَّا بَلَغَ مَعَهُ السَّعْيَ قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَى فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ فَانظُرْ مَاذَا تَرَى قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ سَتَجِدُنِي إِن شَاء اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ (103) سورة صافات

(ئێمه‌ش مژده‌ی کوڕێکی به‌ ئارام و خۆگرو ژیرمان پێبه‌خشی که‌ -ئیسماعیل- ه‌. کاتێک ئه‌و کوڕه‌ که‌وته‌ ده‌روماڵ له‌گه‌ڵیدا به‌یانیه‌ک پێی وت: کوڕم شیرینم بێگومان من ده‌مبینی له‌ خه‌ونمدا که‌ تۆ سه‌رده‌بڕم، تۆ ده‌ڵێی چی؟ڕات چۆنه‌؟! (کوڕی چاک و خواناس و خۆگر به‌زمانی شیرین) وتی: بابه‌گیان هه‌ر فه‌رمانێکت پێ دراوه‌ جێبه‌جێی بکه‌، ده‌مبینیت ئه‌گه‌ر خوا حه‌ز بکات، خوابیه‌وێت، له‌ ئارامکاران ده‌بم.

باوکەکە بۆچوونی کوڕە هەرزەکارەکەی وەرگرت و ڕاوێژکاری لەگەڵ کرد لەسەر بابەتێکی جددی، کە قوربانیکردنە، لەکاتێکدا فەرمانی خودای بڕیار نییە بۆچوون وەربگیرێت. ئەگەر خۆشەویستی و دۆستایەتی نێوانیان نەبوایە، نەدەگەیشتن بەم ئەنجامە. خوای گەورە بە هێنانە خوارەوەی ئاژەڵێک بۆ سەربڕین ڕێزی لێگرتن.

سەرنج بدەن لەو گەنجەی هات بۆ لای پێغەمبەری خودا (د.خ)، داوای لێکرد مۆڵەتی بدات بۆ ئەنجامدانی زینا پێغەمبەر دوای ئەوەی گوێی لێگرت، گفتوگۆی لەگەڵ کرد و فەرمووی: ئایا بۆ دایکت و کچەکەت و مامۆژ و خاڵۆژنت ڕازی دەبیت؟ وەڵامی دایەوە: نەخێر، نەخێر، نەخێر. پێغەمبەر لە وەڵامدا فەرمووی: خەڵکیش ڕازی نابنن. پاشان دوعای بۆ کرد و دەستی خستە سەر سنگی و فەرمووی: خودایە لە گوناهی خۆشبە و دڵی پاک بکەرەوە، زینا بۆی بووە بێزراتوترین شت، پێغەمبەر گوێی لە قسەکانی گرت لە کاتێکدا پێچەوانەی شەریعەت بوون و ڕێزی لێگرت و قەدری زانی و گفتوگۆی لەگەڵ کرد و دواتر خۆشەویستی بۆ دەربڕی بە دەست لێدان لە سنگی و دوعاکردن بۆی. ئەنجامەکەی ڕەزامەندی و گوێڕایەڵی بوو. و بەم شێوەیە دەبینە هاوڕێی هەرزەکار

واڵی وەرگێڕ