پابەندیی ڕاستەقینە و پابەندیی درۆینە: ئەوکاتەی توێکڵ لە کاکڵە گرنگترە

پێشەوا مەحمود

پابەندیی ڕاستەقینە و پابەندیی درۆینە:

ئەوکاتەی توێکڵ لە کاکڵە گرنگترە!

پرسیارێکی گرنگ و خەمهێن زۆر جار بە ئاوەزماندا هاتوچۆ دەکات: بۆچی ئەو کەسەی بە موسڵمانیی لەدایک دەبێت، ئیمانێکی لاوازی هەیە بەراورد بەو کەسەی دوای لەدایکبوون موسڵمان دەبێت؟ دەبینیت ئەو کەسەی تازە موسڵمان بووە، وەک ڕەگی دارێکی بەهێز وایە کە بە هیچ بایەک نالەرێتەوە و کردەوەکانی لەگەڵ ئاوەز و دڵیدا یەکیان گرتووە. لە هەمان کاتدا، دەبینیت زۆرێک لەوانەی بە موسڵمانی لەدایک بوون، ئیمانەکەیان وەکوو شووشەیەکە بەئاسانی دەشکێت.

نهێنیی ئەم جیاوازییە سادە و بێ گرێوگۆڵەیە: موسڵمانە تازەکە لە دەرگا گەورەکەی ئیسلامەوە هاتووەتە ژوورەوە؛ سەرەتا لە ڕاستیی وشەی "لا إِلَٰهَ إِلَّا ٱللَّٰهُ" تێگەیشتووە و بیروباوەڕی لەسەر بنەمای یەکتاپەرستی دامەزراندووە، پاشان ئەو داواکارییانەی کە لەسەر موسڵمان پێویستە بیکات، بۆ ئەم زۆر ئاسانە. بەڵام ئەو کەسەی بە میرات موسڵمانێتیی بۆ ماوەتەوە، بەپێچەوانەی کەسی یەکەمەوە، فێری جووڵەکانی نوێژ بووە، پێش ئەوەی بزانێت بۆچی نوێژ دەکات. پارێزگاری لە حەرام و حەڵاڵ دەکات، بەبێ ئەوەی بپرسێت حیکمەتی خودا لە حەرامکردن و حەڵاڵکردنەکاندا چییە. لەگەڵ ژینگەیەکدا کە ڕەسەنایەتی تێیدا گەمارۆ دراوە، خێزانێک ئیمانی کردووە بە عادەت و کۆمەڵگەیەک ڕاگەیاندنەکەی شێوەی دین دەشێوێنێت، نەوەیەک دەردەچێت؛ هەڵگری دڵێکی بۆش، کە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی هەموو شەپۆلێک.

لەم خاکە ژەهراوییەدا دوو ڕووەکی پیس گەشە دەکەن:

یەکەمیان، پابەندبوونی درۆیینەیە: کەسێکە جلی لەخواترسانیی لەبەر کردووە و خۆی وا دەردەخات مرۆڤێکی لەخوداترسە. هەر کاتێک شەهوەتێک یان بەڵایەک ڕووی تێ بکات، ڕاستەوخۆ جلەکانی لەخواترسان دەدڕێنێت و دەکەوێتە ناو تاڵاوی ستەم و کردەوەی خراپەوە، بەڵکو وای لێ دێت بە ئاشکرا تاوان دەکات و مافی خەڵکی نادات، وەک ئەوەی چەندین ساڵ دیندارییکردنی، تەنها خەونێک بووبێت. وەک خودای گەورە دەفەرمووێت: "وَمِنَ ٱلنَّاسِ مَن يَعۡبُدُ ٱللَّهَ عَلَىٰ حَرۡفٖۖ فَإِنۡ أَصَابَهُۥ خَيۡرٌ ٱطۡمَأَنَّ بِهِۦۖ وَإِنۡ أَصَابَتۡهُ فِتۡنَةٌ ٱنقَلَبَ عَلَىٰ وَجۡهِهِۦ خَسِرَ ٱلدُّنۡيَا وَٱلۡأٓخِرَةَۚ ذَٰلِكَ هُوَ ٱلۡخُسۡرَانُ ٱلۡمُبِينُ". (سوورەتی حەج: ١١) واتە: "هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی هه‌یه‌ ته‌نها له‌ یه‌ك حاڵه‌تدا خواپه‌رستی ده‌كات (ئه‌ویش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ که‌ دونیا به‌دڵی ئه‌و بێت)، ئه‌گه‌ر تووشی خێروخۆشی بوو، دڵی پێی خۆشه‌، خۆ ئه‌گه‌ر تووشی تاقیکردنه‌وه‌یه‌ك هات، هەڵده‌گه‌رێته‌وه‌. ئا به‌و حاڵه‌ته‌، دونیا و قیامه‌ت له‌ ده‌ست خۆی ده‌دات و زه‌ره‌رمه‌ندی هه‌ردوو لایه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ خه‌ساره‌تمه‌ندیی ڕوون و ئاشكرا."

دووەم کوشندەترە، کە بریتییە لە توندڕەوی و توندوتیژی: لێرەدا دین دەگۆڕێت بۆ شمشێرێکی دەسەڵاتدار، کە بەسەر ملەکانەوەیە. کەسێکە هەست و سۆزی بەسەر ئاوەزیدا زاڵ دەبێت و دەگۆڕێت بۆ بۆمبێکی تەوقیتکراو؛ خەڵکی لەسەر هەندێک شتی زۆر بچووک بە کافر دەزانێت، خوێنڕشتن ئاسان دەکات و جیاوازی لەنێوان موسڵماناندا دروست دەکات.

هەردوو دارەکە خاوەنی ڕووکەشێکی درۆزنانەن؛ هەردووکیان وەک دوو چەک کار دەکەن و لە جەستەی ئوممەت دەدەن. شێوەیەکی شێوێنراوی ئیسلام پیشانی جیهان دەدەن و وا دەکەن خەڵکی وا بزانن دینی ئێمە دینی توندڕەوییە و دینی ڕەحمەت نییە. ئەگەر بپرسین: "بۆچی دۆخەکە وای لێ هاتووە؟"، وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئەم نەوەیە ئەوەیان بیر چووەتەوە، ئیمانی ڕاستەقینە لە ناخەوە دروست دەبێت؛ وەک چۆن پێغەمبەر (د.خ) لە هاوەڵەکانیدا دروستی کردبوو. هەروەک یەکێک لە هاوەڵان دەڵێت: "سوێند بە خودا، ئەگەر پەردەی نێوان من و نادیارەکان (غەیبیات) نەمێنێت، ئیمانم زیاتر ناکات."

چارەسەر پێویستی بە موعجیزە نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە دووبارە بناغەی ئیمان لەسەرەتاوە دروست بکەینەوە؛ سەرەتا بیروباوەڕ لە دڵەکاندا بچێنین، پێش فێربوونی حوکمەکان. هاوسەنگی لەنێوان هەست و سۆزی دڵ و حیکمەتی ئاوەزدا ڕابگرین. پەیڕەوی پێغەمبەر (د.خ) بکەین، کاتێک بە موعاز دەفەرمووێت: "کۆمەڵێک وشەت فێر بکەم، دوای هەموو نوێژێک بیڵێیت؟ "اللَّهُمَّ أَعِنِّي عَلَى ذِكْرِكَ وَشُكْرِكَ وَحُسْنِ عِبَادَتِكَ." واتە: "پەروەردگارا، هاوکاریم بکە تا یادت بکەم و سوپاست بکەم و بە باشترین شێوە بەندایەتیت بۆ بکەم." پێغەمبەر (د.خ) کرۆکی ئیمانی فێر دەکردن، پێش توێکڵەکەی. خودای گەورە دەفەرمووێت: "إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوۡمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنفُسِهِمۡۗ".

گۆڕانکاری لە ناخی هەموومانەوە دەست پێ دەکات. ئەو کاتەی خۆمان چاک دەکەین، خێزانمان چاک دەکەین، پاشان کۆمەڵگە و دواتریش هەموو ئوممەت بەتەواوی. ئەو کاتە، دەگەینە ئەو ئاستەی کە پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت: "مَثَلُ الْمُؤْمِنِينَ فِي تَوَادِّهِمْ وَتَرَاحُمِهِمْ وَتَعَاطُفِهِمْ مَثَلُ الْجَسَدِ..."

واتە: "ئیمانداران لە خۆشەویستی و میهرەبانی و بەزەیییان بۆ یەکتر، وەک یەک جەستە وان."

واڵی نوسەر