کاتێک قوتابیان ئارەزووی فێربوون لەدەستدەدەن
ئیدریس عەلی
پێشەکی
ئایا تا ئێستا لە بەرامبەر پۆلەکەتدا وەستاویت و لە خۆتت پرسیووە:
«بۆچی قوتابییەکانم ئارەزووی فێربوونیان نییە؟»
تۆ ڕوونکردنەوە دەدەیت، دووبارەی دەکەیتەوە، نموونە دێنیتەوە و پرسیار دەکەیت، بەڵام هێشتا هەندێک لە قوتابییەکانت بێزار دیارن. هەندێکیان بەردەوام قسە دەکەن، یەکێکیان سەیرێکی کاتژمێرەکە دەکات و چاوەڕێی زەنگە، و یەکێکی تریش جەستەی لە پۆلەکەدایە بەڵام مێشکی لە شوێنێکی ترە.
ئاسانە بیر لەوە بکەیتەوە کە قوتابییەکان سوور نین لەسەر فێربوون، بەڵام نابێت هەڵوێستەکانیان لۆمە بکەیت. ئێستا دەتوانیت پرسیارێکی گرنگتر لە خۆت بکەیت:
«من چی بکەم بۆ ئەوەی فێربوون بۆ ئەوان بێسوود و بێمانا نەبێت و واتای هەبێت؟»
قوتابییەکانت بە شێوازێکی جیاواز گەورە دەبن
قوتابییەکانت لە جیهانێکدا گەورە دەبن کە پڕە لە ڤیدیۆی کورت، یاریی ئۆنلاین، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵندگۆ و مۆبایلی زیرەک، زانیاری خێرا و ژیریی دەستکرد (AI). هەموو شتێکی دەوروبەریان بە خێرایی و بۆ ڕاکێشانی تەواوی سەرنجیان دروستکراوە. دواتر دێنە ناو پۆلەکەت و ڕەنگە کاتێکی زۆر بە گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە یان کۆپیکردنی تێبینییەکان بەسەر ببرێن.
سروشتییە کە هەندێك قوتابی زەحمەت بێت بۆیان تەرکیزیان بپارێزن. بەڵام تۆ ناتوانیت ڕکابەری تەکنەلۆجیا یان کەرەستەکانی کاتپەڕاندن بکەیت؛ تەنها یەک شت هەیە بیکەیت: قوتابییەکانت پەرۆش بکە بۆ فێربوون و یارمەتییان بدە لە گرنگی و ئامانجی فێربوون.
قوتابییەکانت مەکە بە تەنها گوێگر
ئەگەر لە تەواوی وانەکەدا بەردەوام قسە بکەیت، قوتابییەکانت هێدی هێدی دەبنە فێرخوازێکی ناچالاک. دەبێت دەرفەتیان پێبدەیت بەشداری لە پۆلدا بکەن. دەتوانیت داوایان لێبکەیت لەگەڵ هاوپۆلەکانیان تاوتوێی بیرۆکەیەک بکەن. پێکەوە کێشەیەک چارەسەر بکەن، بە وشەی خۆیان چەمکێک ڕوون بکەنەوە، یان پێشنیاری چارەسەر بۆ بارودۆخێکی واقعی بکەن.
لەباتی ئەوەی بەردەوام بپرسیت: «ئایا تێگەیشتن؟»، دەتوانیت بیگۆڕیت بۆ: «چۆن ئەمە بۆ هاوڕێکانت ڕوون دەکەیتەوە؟»
کاتێک قوتابیان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدار دەبن، دەست دەکەن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە فێربوونی خۆیان. پۆلەکەت نابێت شوێنێک بێت تەنها گوێی لێبگرن، بەڵکو دەبێت شوێنێک بێت تێیدا بیربکەنەوە، قسە بکەن، پرسیار بکەن، داهێنان بکەن و شتی نوێ بدۆزنەوە.
وانەکەت لە پەرتووک و دەقەکان زیاتر بێت.
سەرنج بدە: هەندێک جار قوتابیان ئارەزووی فێربوون لەدەستدەدەن چونکە پەیوەندی نێوان ئەوەی دەیخوێنن و ژیانی ڕۆژانەیان نابینن. ئەرکی تۆیە ئەم پەیوەندییە دروست بکەیت:
ئەگەر وانەی ڕێژەی سەدی دەڵێیتەوە، داوایان لێبکە ڕێژەی دابەزاندنی نرخ (داشکاندن) لە بازاڕدا بژمێرن.
ئەگەر بیرکاری دەڵێیتەوە، ڕێگەیان پێبدە بودجەیەکی سادەی خێزانی ئامادە بکەن.
ئەگەر زانست دەڵێیتەوە، باس لەوە بکە بۆچی خۆراک تێکدەچێت، بۆچی مۆبایل گەرم دەبێت، یان کارەبا چۆن لە ماڵەوە بەکاردێت.
ئەگەر زمان دەڵێیتەوە، داوایان لێبکە ڕیکلامێک، چیرۆکێک، ئاگادارییەک یان پەیامێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بنووسن.
تەنها بابەتەکان مەڵێڕەوە؛ بڕوانە و نیشانیان بدە کە بابەتەکە لە کوێی جیهانی ڕاستەقینەدا دەژی.
بهێڵە قوتابییەکانت لە ڕێگەی هەڵەکانیانەوە فێر ببن
هۆکارێکی گرنگ هەیە بۆ لەدەستدانی ئارەزووی قوتابیان: ترسیان لە هەڵەکردن. کاتێک بەهۆی وەڵامێکی هەڵەوە پێیان پێدەکەنرێت یان بە توندی ڕەخنەیان لێدەگیرێت، ڕەنگە ئیتر بەشداری نەبن.
دەتوانیت ژینگەیەکی وەها لە پۆلدا دروست بکەیت کە قوتابییەکان هەست بە ئاسوودەیی بکەن کاتێک دەڵێن:
«نازانم»، «پێم وایە...»، یان «دەتوانم دووبارە تاقیبکەمەوە؟»
پەرچەکرداری تۆ بەرامبەر هەڵەیەک دەتوانێت کاربکاتە سەر بڕوابەخۆبوونی قوتابی بۆ کاتێکی درێژ. وەڵامەکە ڕاست بکەرەوە، بەڵام بڕوابەخۆبوونی فێرخوازەکە بپارێزە. هەڵەیەک دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ فێربوون.
هۆکاری پشتی ڕەفتارەکان بدۆزەرەوە
کاتێک قوتابییەک لە پۆلەکەتدا بەشداری ناکات، ڕەنگە پێی بڵێیت تەمبەڵ، خەمخۆر نەبوو، یان بێکەڵک. بەڵام دەکرێت چیرۆکێکی تر لە پشتی ئەو ڕەفتارەوە بێت. ڕەنگە قوتابییەکە لە وانەکە تێنەگەیشتبێت، ترسی لە هەڵەکردن هەبێت، بڕوای بە خۆی نەبێت، یان پێویستی بە هاوکاری زیاتر بێت.
لەباتی ئەوەی بپرسیت: «بۆچی ئارەزووت نییە؟»
هەوڵبدە بپرسیت: «چی وایکردووە ئەم بابەتە بۆ تۆ قورس بێت؟»
هەندێک جار پرسیارێکی بەپەرۆش و میهرەبانانە دەتوانێت کاریگەری زیاتری هەبێت لە دە ئاگادارکردنەوە و ئاگاداری توند. کاتێک لە منداڵەکەی پشتی ڕەفتارەکە تێدەگەیت، دەتوانیت بە شێوازێکی کاریگەرتر وەڵام بدەیتەوە.
تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد (AI) بەکاربهێنە
قوتابییەکانت بەبێ ئەوەش لەگەڵ تەکنەلۆجیادا دەژین، بۆیە دەتوانیت فێریان بکەیت چۆن بە بەرپرسیارییەتییەوە بەکاریبهێنن.
دەتوانیت ڤیدیۆیەکی پەروەردەیی، تاقیکردنەوەیەکی دیجیتاڵی، پێشکەشکردنێکی کارلێککارانە، یان چالاکییەکی بەهێزکراو بە AI بەکاربهێنیت.
بەڵام ڕێگە مەدە تەکنەلۆجیا هەموو بیرکردنەوەکە لەباتی قوتابییەکانت بکات. ژیریی دەستکرد دەتوانێت وەڵامێک بداتەوە، بەڵام تۆ دەتوانیت فێریان بکەیت چۆن پرسیار لەو وەڵامە بکەن، پشتڕاستی بکەنەوە، لێی تێبگەن و بە داناییەوە بەکاریبهێنن. تەکنەلۆجیا دەتوانێت هاوکاری وانەوتنەوەکەت بکات، بەڵام ناتوانێت شوێنی پەیوەندی و کارلێکی تۆ لەگەڵ قوتابییەکانت بگرێتەوە.
یارمەتی قوتابییەکانت بدە بڕوایان بە خۆیان هەبێت
پێویست ناکات هەموو قوتابییەک ببێتە خاوەنی بەرزترین نمرە لە پۆلەکەتدا، بەڵام هەموو قوتابییەک دەتوانێت پێشکەوتن بەخۆیەوە ببێنێت. پێویستە ستایشی هەوڵی ڕاستەقینە بکەیت، دان بە باشتربووندا بنێیت، ئاڵەنگاریی بگونجێنیت و دەرفەتی دووبارە تاقیکردنەوەیان پێبدەیت.
تەنها ئاهەنگ بۆ ئەو قوتابییە مەگێڕە کە %٩٥ دەهێنێت. سەرنجی ئەو قوتابییەش بدە کە نمرەکەی لە (٤٠)ەوە دەبێتە (٥٥). یان ئەو منداڵەی کە دواجار وەڵامی پرسیارێک دەداتەوە، یان ئەو قوتابییەی دوای چەندین هەوڵ کارێک تەواو دەکات.
هەندێک جار پێشکەوتن گرنگترە لە پلە و پێگە. کاتێک قوتابییەک کە جارێک دەیوت «ناتوانم ئەمە بکەم»، دواجار دەڵێت: «با تاقیبکەمەوە»—ئەمە واتە فێربوون دەستی پێکردووە.
پۆلەکەت دەتوانێت هەڵوێست و ڕەفتاریان بگۆڕێت
تۆ ناتوانیت کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو شتانە بکەیت کە قوتابییەکانت لە دەرەوەی پۆلدا دەیبینن و دەیکەن. ناتوانیت هەموو مۆبایلێک، یارییەک، یان ئاڵوودەبوونێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانیان لادەیت. بەڵام دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئەو ژینگەی فێربوونە بکەیت کە لە ناو پۆلەکەتدا دروستی دەکەیت.
دەتوانیت وا لە قوتابییەکانت بکەیت هەست بکەن پرسیارەکانیان بەخێرهاتنیان لێدەکرێت، هەڵەکانیان بەشێکە لە فێربوون، و مامۆستاکەیان باوەڕی پێیان هەیە. پێویست ناکات هەموو وانەیەک بەستەڵەک و خۆشگوزەرانی بێت، بەڵکو دەبێت فێربوون بێسوود نەبێت و واتا ببەخشێت.
کاتێک مانا دروست دەکەیت، سەرنج ڕادەکێشیت. کاتێک پەیوەندی دروست دەکەیت، متتمانە پەیدا دەکەیت. کاتێک هانی پرسیارکردن دەدەیت، فزوولی و پەرۆشی بەئاگا دێنیتەوە. و کاتێک فزوولی بەئاگا دێنیتەوە، ئیتر پێویست ناکات قوتابییەکانت بە زۆر فێربکەیت، ئەوان خۆیان دەیانەوێت فێر ببن.
گەورەترین دەستکەوتی تۆ وەک مامۆستا تەنها تەواوکردنی پرۆگرام یان بەدەستهێنانی بەرزترین نمرەکان نییە. بەڵکو بینینی ئەو ساتەیە کە چاوی قوتابییەک دەگەشێتەوە و دەڵێت:
«مامۆستا، دەتوانم تاقی بکەمەوە؟»
«مامۆستا، دەتوانم پرسیارێک بکەم؟»
یان «دەتوانین ئەمە دووبارە فێر ببینەوە؟»
ئەوە ئەو ساتەیە کە دەزانیت گەیشتوویتەتە ناخی فێرخوازەکە.
مامۆستا باشەکان وانە دەڵێنەوە؛ مامۆستا گەورەکان وا لە قوتابیان دەکەن حەزیان لە فێربوون بێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بابەتەکە لەم پرسیارانەدا پوخت بکەینەوە و وەڵامی چارەسەریشی بۆ بدۆزینەوە:
١. بۆچی قوتابیان ئارەزووی فێربوون لەدەستدەدەن؟
قوتابیان ڕەنگە ئارەزووی فێربوون لەدەستبدەن بەهۆی سەرقاڵکەرەکان، وانەوتنەوەی ناچالاک، نەبوونی بڕوابەخۆبوون، زەحمەتی تێگەیشتن لە وانەکان، یان کەمی پەیوەندی نێوان فێربوون و ژیانی ڕاستەقینە.
٢. مامۆستایان چۆن دەتوانن بەشداری قوتابیان زیاد بکەن؟
مامۆستایان دەتوانن بەشداری قوتابیان زیاد بکەن لە ڕێگەی گفتوگۆ، پرسیارکردن، چالاکی بەکۆمەڵ، نموونەی ژیانی واقعی، ئەرکی کرداری، و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنی قوتابیان.
٣. مامۆستایان چۆن دەتوانن هانی ئەو قوتابیانە بدەن کە ئارەزووی فێربوونیان نییە؟
مامۆستایان دەتوانن پەیوەندی دروست بکەن، لە هۆکارەکانی پشت ڕەفتارەکان تێبگەن، دان بە پێشکەوتندا بنێن، و ئەزموونی فێربوونی بەمانا دروست بکەن.
٤. ئایا تەکنەلۆجیا دەتوانێت بەشداری قوتابیان باشتر بکات؟
بەڵێ. ڤیدیۆی پەروەردەیی، تاقیکردنەوە دیجیتاڵییەکان، چالاکییە کارلێککارەکان و ئامرازە ڕێنماییکراوەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن پشتگیری لە بەشداری قوتابیان بکەن کاتێک ئامانجێکی ڕوونی فێربوونیان هەبێت.
٥. مامۆستایان چۆن دەتوانن فێربوون بەمانا بکەن؟
مامۆستایان دەتوانن وانەکان بە ئەزموونی ڕۆژانەی قوتابیانەوە ببەستنەوە و نیشانیان بدەن چۆن زانیارییەکانی پۆل لە بارودۆخی ڕاستەقینەی ژیاندا جێبەجێ دەکرێن.
لە ئینگلیزییەوە : ئیدریس علی
ڕاهێنەری پەروەردەیی
سەرچاوە:https://sajeevms.com/students-are-losing-interest-in-learning-what-can-teachers-do/


واڵی نووسەر


