ئەوەی لەسەر تەختەکە نانووسرێت

ئیدریس عەلی

مامۆستا تەنها کەسێک نییە لەبەردەم پۆلدا بوەستێت و وانەکان ڕوون بکاتەوە، بەڵکو وشەکانت، ڕەفتارەکانت، هەڵوێست و پەیوەندییەکانت دەکرێت بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ کاریگەرییان لەسەر قوتابییەکانت هەبێت. مامۆستای باش یارمەتی قوتابیان دەدات فێر ببن، گەشە بکەن، تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە و ببنە کەسی باشتر.

تۆ وەک مامۆستا دەتوانیت بابەتی جیاواز، پۆلی جیاواز و جۆرەها فێرخواز فێر بکەیت. هەندێک تایبەتمەندی هەن دەکرێت وانەوتنەوەکەت واتادارتر و کاریگەرتر بکەن کە بریتین لە:

۱. فێربوون ئاسان بکە

وانەوتنەوەی باش لە پەیوەندیکردنەوە دەست پێدەکات. پێویستە بیرۆکەکانت بە روونی ڕوون بکەیتەوە تا قوتابییەکانت لێت تێبگەن. پەیوەندیکردنت تەنها قسەکردن نییە، بەڵکو گوێگرتن، پرسیارکردن، چاودێریکردنی قوتابیان و تێگەیشتن لە وەڵامەکانیان دەگرێتەوە. کاتێک بە ئارامی و ڕێزەوە پەیوەندی دەکەیت، قوتابییان هەست بە ئاسودەیی دەکەن لە هاوبەشکردنی بیرۆکەکانیان.

۲. وا لە قوتابییان بکە هەست بە بەهای خۆیان بکەن

هەموو قوتابییەک دەیەوێت هەست بکات بەهای هەیە. گرنگیپێدان و میهرەبانیت دەتوانێت جیاوازی لە ڕێڕەوی فێربوونی قوتابییەکدا دروست بکات.

کات تەرخان بکە بۆ تێگەیشتن لە قوتابییەکانت. لە خاڵە بەهێزەکانیان، ئارەزووەکانیان، زەحمەتییەکانیان و بەهرەکانیان تێبگە. هەندێک جار دەکرێت قوتابییەک زیاتر پێویستی بە هاندان بێت تا ڕاستکردنەوە. خەمخۆریی ڕاستەقینەت دەتوانێت بڕوابەخۆبوون بداتە قوتابییەک تا جارێکی تر هەوڵ بداتەوە.

۳. بە ڕێگای جیاواز وانە بڵێرەوە

دەزانیت، دوو قوتابی بە هەمان شێواز فێر نابن. ئەوەی بۆ قوتابییەک بەسوودە دەکرێت بۆ یەکێکی تر دەستنەدات.

وەک مامۆستایەک، دەبێت ئامادەبیت ڕێگاکانی وانەوتنەوەت بگۆڕیت کاتێک پێویست بێت. دەتوانیت چالاکی، نموونە، دانوستان، تەکنەلۆژیا و ستراتیژی جیاوازی فێربوون بەکاربهێنیت بەپێی پێداویستی و تەمەنی قوتابییەکانت.

٤. بڕوابەخۆبوون ببەخشە

مامۆستایەکی باش تەنها وانەیەک ناڵێتەوە؛ بەڵکو هانی قوتابییان دەدات بڕوایان بە خۆیان هەبێت.

هاندانت دەتوانێت یارمەتی قوتابییەک بدات زاڵ بێت بەسەر ترسدا و بڕوابەخۆبوون پەرە پێبدات. کاتێک یارمەتی قوتابیان دەدەیت ئامانج دابنێن و تواناکانیان بیر دەخەیتەوە، دەکرێت کاریگەرییەکیان لەسەر جێبهێڵیت کە بۆ تەواوی ژیانیان لەگەڵیاندا بمێنێتەوە.

٥. کات بدە بە قوتابیان

فێربوون کاتی دەوێت. هەندێک قوتابی زوو لە چەمکێک تێدەگەن، لەکاتێکدا هەندێکی تر پێویستیان بە ڕوونکردنەوە و ڕاهێنانی زیاترە.

ئارامگریت یارمەتی قوتابییان دەدات بێ ترس فێر ببن. لەبری ئەوەی بێزار بیت کاتێک قوتابییەک هەڵە دەکات، ڕێنمایییان بکە بەرەو باشتربوون. دەبێت بیرت بێت کە هەڵەکردنیش بەشێکە لە فێربوون.

٦. هەرگیزاوهەرگیز کۆڵ نەدەیت

ڕۆژی سەخت، قوتابی دژوار و بارودۆخی چاوەڕواننەکراو ڕوو دەدەن. مامۆستایەکی باش بە ئاسانی کۆڵ نادات.

سووربوونت یارمەتیدەرە لە بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پشتیوانیکردنی قوتابییەکانتدا. کاتێک بڕوات وابێت کە هەموو قوتابییەک دەتوانێت فێر بێت و باشتر بێت، هەڵوێستەکەت دەتوانێت هانی قوتابییان بدات بەردەوام بن لە چوونە پێشەوە.

۷. بە خۆشەویستی و خولیاوە وانە بڵێرەوە

خولیا و حەزت دەتوانێت فێربوون سەرنجڕاکێشتر بکات. کاتێک بە ڕاستی حەزت لە بابەتەکەت و کارەکەتە، قوتابیان دەتوانن هەست بە گڕوتینەکەت بکەن.

مامۆستایەکی بەپەرۆش دەتوانێت زانینخوازیی دروست بکات، هانی بەشداری کردن بدات و پۆل بکاتە شوێنێک کە قوتابییان بیانەوێت لێی فێر ببن. خۆشەویستیت بۆ وانەوتنەوە دەشێت یارمەتی قوتابیانیش بدات فێربوونیان ببەستنەوە بە ئامانجەکانیان و پیشەی داهاتوویانەوە.

۸. پلان دابنێ بۆ ئەوەی باشتر وانە بڵێیتەوە

وانەوتنەوەی باش پێویستی بە پلاندانان هەیە. پێویستە کاتت بەڕێوەبەریت، وانەکانت ئامادە بکەیت، چالاکییەکانی فێربوون ڕێکبخەیت و چاودێری پێشکەوتنی قوتابییەکانت بکەیت.

کاتێک ڕێکخراویت، پۆلەکەت ئامانجدارتر و بەرهەمدارتر دەبێت. ڕێکخستنی باش زانیاری ڕوونیش دەداتە قوتابییان لەسەر ئەوەی پێویستە چی فێر ببن و ئەنجامی بدەن.

۹. پێش دادوەریکردن تێبگە

هەر قوتابییەک بە پاشخان، کەسایەتی و ئەزموونی جیاوازەوە دێتە پۆلەکەتەوە. هەندێکیان دەکرێت ڕووبەڕووی زەحمەتییەک ببنەوە کە تۆ نایبینیت.

هاوسۆزی (Empathy) یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە قوتابییان پێش ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەیت. دەبێت هەوڵ بدەیت لە گۆشەنیگای ئەوانەوە سەیری بارودۆخەکان بکەیت. وشە میهرەبانەکانت، گفتوگۆیەک، یان کەمێک تێگەیشتن دەکرێت وا لە قوتابییەک بکات هەست بە ئارامی و پشتیوانی بکات.

۱۰. بەردەوامبە لە فێربوون

مامۆستایەکی باش بگرە خۆشی فێرخوازە.پەروەردە بەردەوام لە گۆڕاندایە، و ڕێگەی نوێی وانەوتنەوە، تەکنەلۆژیا و بیرۆکەی نوێ بەردەوام سەرهەڵدەدەن.

زانیاری و تواناکانت بەردەوام باشتر بکە. دەبێت بخوێنیتەوە و بەشداری بەرنامەکانی ڕاهێنان بکەیت. دەتوانیت لە هاوپیشەکانتەوە فێر بیت و پێداچوونەوە بۆ وانەوتنەوەی خۆت بڕەخسێنیت. کاتێک قوتابییەکانت دەبینن تۆ فێر دەبیت، ئەوانیش فێری بەهای گەشەکردن دەبن. کەواتە

هەموو مامۆستایەک جیاوازە. هیچ هاوکێشەیەکی دیاریکراو نییە بۆ بوون بە مامۆستایەکی باش. بەڵام کاتێک بە ڕوونی پەیوەندی دەکەیت، زۆر خەمخۆریت، بە داناییەوە خۆت دەگونجێنیت، بە بڕوابەخۆبوونەوە ئیلهام دەبەخشیت، بە ئارامگری دەمێنیتەوە، سوور دەبیت، بە خولیاوە وانە دەڵێیتەوە، ڕێکخراو دەبیت، هاوسۆزی نیشان دەدەیت و بەردەوام دەبیت لە فێربوون، دەتوانیت جیاوازییەکی ڕاستەقینە دروست بکەیت.

دەکرێت قوتابییەکانت هەندێک لەو وانانەی کە دەیانڵێیتەوە لەبیریان بچێتەوە. بەڵام هەمیشە ئەوەیان لەبیرە کە چۆن هەستت پێ بەخشیوون، چۆن هانت داون و چۆن یارمەتیدەریان بوویت کە بڕوا بە تواناکانی خۆیان بکەن.

لە ئینگلیزییەوە: ئیدریس علی

سەرچاوە: https://sajeevms.com/what-makes-a-great-teacher-know-10-secrets/

واڵی نووسەر

پڕۆژەی ڕەوێن
ڕێکخراوی ڕوئیا

© 2025. All rights reserved.

+964 7741569646

ruyaorganizationro@gmail.com