دیاردەی جنێودان و سڕینەوەی یەکتر
ئیدریس عەلی
جنێودان دیاردەیەکی ناپەسەندی نائەخلاقی نەخوازراوە لە ڕووی دینیی و کلتوری و یاساییەوە، بە داخەوە کۆمەڵگەی کوردیش بەدەر نیە لەم دیاردە دزێوە و بە ڕادەیەک سۆشیاڵ میدیای کوردی تەنیوە و ئەتوانین بڵێین پشکی شێری بەرکەوتووە و وەختە پێکەوەژیان لەم هەرێمەدا بەرەو لێواری مەرگ دەبات،
هۆکارەکان زۆرن و بە رای ئێمە ئەمانە لە گرنگترینەکانیانن:
یەکەم: ئێمە بەرهەمی ئەو ژینگەیەین کە تێیدا دەژین و هەڵقوڵاوی ژینگەیەکی پڕ ڕق و کینە و کێبڕکێی ناشەریفانە و نابەرپرسانەین کە سیاسیە نابەرپرسە گەندەڵەکان بۆیان خولقاندوین و بەردەوام سەرقاڵی یەکتر شکاندن و ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی یەکترین،
دووەم: نەبوونی پاشخانێکی مەعریفی پێویست بۆ گوفتار و وتار و نووسین و وەڵامدانەوەی بابەتیانە، بۆیە بەهۆی نەبوونی ئەو پاشخانە مەعریفییە بۆ وەڵامدانەوەی دروستی بابەتەکان و زاڵبوونی عاتیفە بەسەرماندا و لە ڕێگەی هەڵچوون و جنێودان خۆمان خاڵی دەکەینەوە،
سێیەم: شارەزا نەببوونی بانگخوازان و مامۆستایانی ئایینی بە زانستە گەردوونیەکان تا لەگەڵ زانستە دینییەکان تێکەڵی بکەن، چونکە زانستە دینییەکان بەبێ زانستە گەردوونیەکان دەمارگیری و هەڵچوون بەرهەم دەهێنێت و بە تێکەڵکردنی هەردووکیان ڕاستی و حەقیقەت دەردەکەوێت «مامۆستا سەعید نورسی وا دەفەرموێت»
چوارەم: نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروست لای تاکەکانی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی بۆ برەودان بە فرەڕەنگی و قبوڵکردنی یەکتر بە جیاوازیەکانیانەوە، هەروەها نەبوونی هۆشیاریەکی قووڵی فکریی دینیی هاوسەنگ و دوور لە دەمارگیری و هەڵچوون و سۆزداری.
بەداخەوە ئێستا جنێودان و یەکتر سڕینەوە بووە بە کلتور لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەگەر وریا نەبین و لە خەمی پەروەردەیەکی تەندروستی هاوسەنگدا نەبین کە توانای قبوڵکردنی یەکترمان هەبێت بە جیاوازیەکانمانەوە ئەوا کلتوری یەکتر سڕینەوە دەچێتە ناو خوێنمانەوە و دەرهێنانی ئەستەم دەبێت و بە تەواوی مەرگی (Diversity) فرەڕەنگی و یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیان دەبینین، بەمەش ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبینەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە بە تەواوی لێکدەترازێن،
چارەسەر:
یەکێک لە گرنگترین چارەسەرەکانی ئەم دیاردە دزێوە بریتیە لە فێرکردن و ئاشناکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کە دەبێتەهۆی ئەوەی لە خۆوە هەڵنەچین و خودیانە و عاتفیانە بڕیار نەدەین، بەڵکو بۆ وەڵامدانەوەی ڕا و بۆچوونی بەرامبەر پشت بە ڕێگەیەکی بابەتی و زانستی و عەقڵانی و بەڵگەهێنانەوە و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن ببەستین،
جارەسەرێکی تر گەڕانەوەیە بۆ پەروەردەیەکی دینیی تەندروست و هاوسەنگ، بەم ڕێگایانەی خوارەوە:
یەکەم: بە دوور کەوتنەوە لە دەمارگیری و هەڵچوون، هەروەها خۆ خواردنەوە لە کاتی توڕەیدا، تا عەقڵ بتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە گوفتارەکانمان و بەمەش دوور دەکەوینەوە لە جنێودان و بە دڵنیاییشەوە ئەو هێزەی پێویستە بۆ خۆ کۆنترۆڵکردن لە کاتی هەڵچوون و تووڕەیدا زۆر زیاترە لەو هێزەی بۆ تۆڵەکردنەوە و خۆ خاڵیکردنەوە بەکاردێت بۆیە ئەوانەی لە کاتی تووڕەیدا ئەتوانن زاڵببن بەسەر هەڵچوون و تووڕەییاندا و عەقڵ بەکار دەهێنن لە بڕیار و گوفتار و کرداریاندا پەشیمان نابن و لە چاکەکارانی خۆشەویستی خودا ئەژمار دەکرێن بە پشتبەستن بە ئایەتی (.. وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ)،
دووەم: دوور کەوتنەوە لە هات و هاوار و هەڵچوون لەکاتی گەیاندنی پەیامماندا چونکە حەقیقەت یان ئەو پەیامەی دەمانەوێت بیگەیەنین بە دەنگی نەرم و لەسەرخۆ باشتر دەگات وەک لە هات و هاوار و دەنگی بەرز و ناساز.
سێیەم: خودا دەفەرموێ (مجادلة) مەکەن لەگەڵ یەکتر، خۆ ئەگەر کردتان بە باشترین شێوە وەڵام بدەنەوە، وەک دەفەرموێت (ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ) بۆیە ئەگەر ویستمان وەڵامی ڕایەکی جیاوازی کەسێک بدەینەوە کە بەدڵمان نەبێت بە پشتبەستن بە فەرمودەی خودا پێویستە بە شێوەیەکی حەکیم و دانایانە و باشترین شێوە وەڵامی بدەینەوە
چوارەم: پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێ مرۆڤی ئیماندار جنێودەر و تانە و تەشەر لێدەر نیە ( ليس المؤمن بالطعان، ولا اللعان، ولا الفاحش، ولا البذيء)
خۆ ئەگەر جنێودەر و تانە و تەشەر لێدەر بین ئەوا بە پێی ئەم فەرمودەی پێغەمبەر ( درودی خودای لەسەر بێت) ئیمانمان تەواو نیە .
پێنجەم: هەڵبژاردنی بێدەنگی لە بابەتێک شارەزاییمان نیە، وەک پێغەمبەر ( دروودی خودای لەسەر بێت) دەفەرموێ ئەگەر زانیت باش بڵێ، ئەگەرنا بێدەنگی هەڵبژێرە، زۆر جار بێدەنگییەکانمان زۆرترین وشە و مەبەست و ئامانجی تێدا شاردراوەتەوە، لە زۆر بارودۆخدا بێدەنگیەکانمان بە ناو هزر و بیر و مێشکی ئەوانی تردا پیاسە دەکات، بۆیە هەندێک جار لە بابەتێک قووڵ نەبووین یان شارەزا نەبووین، هەڵبژاردنی بێدەنگی باشترین چارەسەرە.


واڵی نووسەر


