!دەربڕینی (ڕا) بێ بنەمای فاکت و زانستیی، پووچە
ئیدریس عەلی
دەربڕینی (ڕا) بێ بنەمای فاکت و زانستیی، پووچە!
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک تاکە ڕێگەی چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو هەموو نووسین و شرۆڤە و سەرنج و ڕایە بێ بنەمایانەی نێو مدیای کوردی. «ڕا» یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بیرکردنەوە، لەکاتی بیرکردنەوەکانماندا بەکاری دەهێنین و بریتیە لەوەی ئێمە چۆن شتەکان دەبینین، چۆن تەماشای ئایدیا و بیروڕاکان دەکەین لە جیهاندا.
کاتێک بیر لە بیرکردنەوەکانمان دەکەینەوە بە بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی بیرکردنەوە باشترین شت ئەوەیە سەرەتا لە «ڕا» ی خۆمانەوە تەماشای چوارچێوەکانی سەرچاوە و تێڕوانینەکان و ئاڕاستەکان بکەین.
یەکەم: چوارچێوەکانی سەرچاوە، ئەمە وامان لێدەکات تەماشای بەشێکی جیهان و تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئەم جیهانە بکەین. هەروەها کاریگەریشی لەسەر دیاریکردنی زانین و تێگەیشتنەکانمان دەبێت، ئێمە هەمان شتەکان دەبینین بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز.
دووەم: تەماشای تێڕوانینەکان دەکەین، لە چی گۆشەنیگایەکەوە بۆ شتەکان دەڕوانین؟ گۆشەنیگای ئەوانی تر لەسەر شتەکان چیە؟ چۆن تەماشای ژیان دەکەن لە تێڕوانینی تایبەتی خۆیانەوە؟
سێیەم: ئاڕاستەکان، لە کوێ بووی؟ لە کوێوە هاتووی؟ لە کوێوە ئاڕاستە دەکرێیت؟ چۆن ئاڕاستەکەت کاریگەری لەسەر «ڕا» یەکەت دەبێت؟
گرنگە بە بیری خۆمانی بهێنینەوە کە «ڕا» هاوتا و جێگیرە و بە ئاسانی ناگۆڕدرێت، ڕەنگدانەوەی ناوەوەی کەسەکان و ئەو شتانەشی بەکاریدەهێنن بۆ دروستکردنی گریمانە و بڕیارەکانیان.
«ڕا» بنەڕەتترین باوەڕ و بەهاو بۆچوونی کەسێکە، بریتیە لەوەی کە تۆ کێیت، وە چۆن لە کەون ئەڕوانیت بە هەبوونی بەڵگەی بنامادار.
پێویستە ئەو هەڵە ڕاستبکرێتەوە کە کە هەرچی ویستمان دەریببڕین یان بینووسین بە بیانووی ئەوەی ئەوە ڕای خۆمە و ئازادم، نا هیچ مرۆڤێک ئازاد نییە لە دەربڕینی ڕا و سەرنجێک کە لەسەر بنەمای فاکت و زانستی بونیادنەنرا بێت ، سەبجێکتیڤیانە (خودیانە) ڕا دەربڕین و قسەفڕێدانە نێو کۆمەڵگە بە بێ هەبوونی بنەمای فاکت و زانستی هەڵەیەکی زەقە و شیاوی ڕەخنەلێگەتنی بابەتیانەیە، تۆ قسەیەک هەڵدەدەیتە ناو فەزا گشتیەکەوە بە بێ ئەوەی یەک توێژینەوەت لەسەر کردبێت بە بێ ئەوەی داتایەکی دروستت وەرگرتبێت بە بێ ئەوەی ڕایەکەی خۆتت بە پێوەرە ( ستانداردە) جیهانیەکان هەڵسەنگاندبێت، ڕایەکی هەڵە و نالۆژیکی دەردەچێت و دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگە جێبهێڵێت بۆیە هیچ کەسێک ئازاد نییە لەوەی هەر شتێک بە بیر و مێشکیدا دێت بە بێ هەبوونی بنەمای فاکت و زانستی فڕێی بداتە ناو کۆمەڵگەوە، ڕیچارد پاوڵی فەیلەسوف کە بە دامەزرێنەری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نوێ دادەنرێت جیاوازی لە نێوان سێ جۆر مرۆڤدا دەکات
١. مرۆڤی خاوەن مەعریفە ئەم جۆرە کەسە زۆر ئەزانێت و زانینی بە شتەکان هەیە و ئەگەر ڕایەک یان شتێک بڵێت لەخۆیەوە نایڵێت، بەڵام ئەکرێ کەسێک هەبێت مەعریفەشی بە شتەکان هەبێت و توانای بڕیاردانی نەبێت چونکە زانینەکەی لە واقیعی پراکتیکیا بەکار نەهێناوە کەواتە ئەوزانینەی نەتوانرێ بڕیاری پێبدرێ سودێکی ئەوتۆی نیە.
٢. مرۆڤی خاوەن بڕیاری باش، بڕیاردانی باشیش هەمیشە زانین و مەعریفەی لەگەڵدایە چونکە بڕیاری باش بێ زانین و مەعریفە نادرێت کەواتە ئەم جۆرەیان باشترینیانە چونکە خاوەنی زانین و مەعریفەیەکی باش و هەم خاوەنی بوێری و ئازایەتیەکی باشە بۆ بڕیار دان.
٣. مرۆڤی سەبجێکتیڤیانە واتە مرۆڤی خاوەن کۆمەڵە ڕایەکی جیاواز کە لەسەر بنەمای زانین و فاکت بونیادنەنراون، ڕیچارد پاوڵ بەم جۆرە باسی ئەم جۆرە کەسانە دەکات کە ئەمانە خاوەن ڕای خۆیانن بێ هەبوونی فاکت و بنەمایەکی زانستی و دەڵێت هەبوونی ئەم جۆرە ڕایانە دەستکەوت نین. لێرەدا مەبەستمان لەم جۆری سێیەمەیە کە ئەتەوێ ڕایەک دەرببڕێت بۆ ئەوەی ڕایەکەت پەسەند و دروست بێت پێویستە بە ستاندارد و پێوەرەکانی هۆشیاریدا ببرێت، واتە بابەتیی بێت نەک سەبجێکتیڤانه.


واڵی نووسەر