دامەزراندنی خێزانی موسڵمان، بەپێی ڕێنماییەکانی پێغەمبەر(د.خ)
نووسینی: عمار العيسى | وەرگێڕانی: پێشەوا مەحموود
یەکەم هەنگاوی پێغەمبەر (د.خ) بۆ پەروەردەی منداڵان، بریتییە لە نزا بۆ کردنیان لە کاتێکدا هێشتا لە پشتی باوکیاندان. لە پاش ئەوە گرنگترین هەنگاو دێت، کە بریتییە لە دروستکردنی خێزانێکی تەندروست، ئەو خێزانە دەتوانێت منداڵ لە خۆ بگرێت و هەستێت بە پەروەردە کردنی بەشێوەکی ڕاست و دروست، دەتوانین بەم قۆناغە بڵێین ئامادەکردن و دروستکردنی خێزانێک کە توانای هەبێت بونیادی مرۆڤێک بنێت کە گۆش بووە بە ئەخلاقیاتی ئیسلامی و توانای ژیانکردنی هەیە لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگا و نەتەوە جیاوازەکان و توانای بەرەوپێشبردنی ئوممەتی هەیە، نەوەک مرۆڤێکی دەستەوەستان بێت. پێغەمبەر (د.خ) هەمیشە دڵنیایی داوە کە لەکاتی دروستکردنی خێزاندا هاوسەرێکی تەندروست هەڵبژێرین، چونکە هەردوو هاوسەر بەشدارن لە درستکردنی خێزاندا و پایەیەکی گرنگی پەروەردەن. بەپێویستی دەزانی دامەزراندنی خێزان لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی دروست بێت، بۆ ئەوەی ببێتە لقێک لە ئوممەت و دروستکدرنی نەوەیەک کە پێشیبخات و پەیامەکەی و بانگەوازەکەی بپارێزێت.
پێغەمبەر (د.خ) گرنگییەکی زۆری بە هەڵبژاردنی هاوسەرەکان داوە، چونکە پایەی خێزانن. ئەگەر باش بن خێزان باش دەبێت، ئەگەر فاسید و گەندڵ بن، خێزانیش گەندەڵ دەبێت. لەو فەرموودەیەدا کە بوخاری لە صەحیحەکەیدا گێڕاویەتییەوە پێغەمبەری خوا (د.خ)، دەفەرمووێت "ئافرەت لەبەر چوار هۆکار هاوسەرگیری دەکات: سامان، ڕەچەڵەک، جوانیی، و دین. کەواتە، شوو بەو کەسە بکە کە دیندارە”، واتە ئەگەر وا نەکەیت دواتر پەشیمانیی دادت نادات.
لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی “ئاگاداری سەوزایی پیسایی بن، هاوەڵان وتیان: ئەی پێغەمبەری خودا سەوزایی پیسایی چییە؟ فەرمووی: ژنێکی جوان لە پەروەردەیەکی خراپەوە"
لە فەرموودەی یەکەمدا فەرمان بە هەڵبژاردنی هاوسەرێکی خاوەن ڕەوشت و دیندار بەسەر باقی سیفەتەکاندا دەکات. گومانی تێدا نییە کە ئەمە کاتێکە کە بەشێک لە سیفەتەکانی تری تێدابێت، بەڵام ئەگەر هەموو سیفەتەکان لە یەک ژندا کۆبکرێنەوە، ئەوا ئەمە چاکەیەکی گەورەیە. لە فەرموودەی دووەمدا تێبینی ئاگادارکردنەوەیەک دەکەین بەرامبەر بە ژنێکی جوانی بێ پەروەردە، بەهۆی ئەو مەترسییەی بۆ منداڵ و خێزان و کۆمەڵگا دروستی دەکات.
لەبەرامبەردا پێغەمبەر (د.خ) جەختی لەسەر هەڵبژاردنی مێرد دەکردەوە وەک چۆن جەختی لەسەر هەڵبژاردنی ژن دەکردەوە، چونکە ژن و مێرد هاوبەشن لە بونیادنانی خێزاندا، هەریەکەیان پایەیەکن لە پەروەردەکردنی خێزاندا. یان دوو کەسایەتی خراپیان هەیە و هەریەکەیان بە شێوازی خۆی خێزانەکە لەناو دەبات، یان پێکەوە بناغەی بینای خێزان بە دروستی دادەنێن و خێزانێکی مۆدێل و بەیەکەوە گرێدراو پێکدەهێنن کە شایەنی ئەوەیە ناو ببرێت بە "خێزانی موسڵمان".
دوای ئەوەی ڕێنمایی پێغەمبەرمان (د.خ) بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی هاوسەر ڕوون کردەوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕێنماییەکانی ماڵی پێغەمبەر (د.خ) بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی مێرد ڕوون بکەینەوە، وەک پێشتر باسمان کرد. لە پێغەمبەری خوداوە گێڕدراوەتەوە کە فەرموویەتی:
"إذا خطب إليكم من ترضون دينه وخلقه فزوجوه، إلا تفعلوا تكن فتنة في الأرض وفساد عريض"
واتە: "ئەگەر کەسێک پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ کردیت، لە ئاین و ڕەوشتی ڕازی بوویت، ئەوا هاوسەرگیری لەگەڵ بکە، ئەگەر وا نەکەیت، فیتنەت لەسەر زەوی ناوەتەوە و دەبیتە هۆی دروستبوونی گەندەڵی و فەسادی بەربڵاو".
ئەگەر بە وردی سەیری فەرموودەکە بکەین، ئاماژەیەکی ڕوونی تێدا دەبینین بۆ جۆرێک لە پەروەردەکردنی خراپ، کە وەک خۆر لە نیوەڕۆدا ڕوونە. سەرنج بدە ئەگەر لەگەڵ کەسێکی خاوەن دین و ڕەوشتدا هاوسەرگیری نەکەیت، لە کۆمەڵگادا گەندەڵییەکی گەورە دروست دەبێت. وە ئەوە ڕوودەدات بە پەروەردەکردنێکی هەڵە(خراپ)ی منداڵەکە. ئەگەر پیاوەکە خراپ بوو، لە ڕێگەی ڕێنمایی و مامەڵەکردن لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، ئەگەر هاوسەرەکەی خراپ بێت خراپییەکانی زیاتر دەبن و ئەگەر باش بێت لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و تێکچوونی ئەخلاقی هاوسەرەکەی. بۆیە شەریعەت داوامان لێدەکات پیاوی خاوەن ڕەوشت و دین بۆ کچەکانمان هەڵبژێرین.
دوای ئەوەی بۆمان ڕوون بووەوە کە چۆن پێغەمبەری خوا (د.خ)، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی هاوسەرەوە گرنگی بە دروستکردنی خێزان و بونیادنانی داوە؛ بۆ ئەوەی دواتر بەرنامەیەکی پەروەردەیی خێزانیی گشتگیر بەرهەمبهێنێت، هەردوو پایەکەی خێزان "ژن و پیاو" بە یەکسانی بەشداری تێدا دەکەن. ئەگەر پابەند ببین بە ڕێنمایی پێغەمبەری خودا و بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە گرنگە لە دامەزراندنی خێزان تێپەڕێنین، قۆناغەکانی داهاتووی پەروەردە لە ڕادەبەدەر ئاسان دەبن.
ئەگەر وا نەکەین، بەردی بناغەی خێزانمان لە لێواری بەردێکی داڕوخاودا داناوە، لەگەڵ ئێمەدا دەڕوخێت و دەچێتە دۆڵی کۆمەڵگا کەوتوو و داکشاوەکانەوە، و ئەوکات ئێمە بەشداریمان لە ڕووخاندنی تەواوی ئوممەتەکەدا کردووە، چونکە ئەگەر تاکە خشتێک عەیبدار بێت، پێکهاتەکە یەکگرتوویی خۆی لەدەست دەدات و ڕەنگە ئەمە سەرەتای کۆتایی بێت!


واڵی وەرگێڕ