بۆچی مەلا سەدرا فەلسەفەکەی خۆی ناونا "الحکمة المتعالية"؟
موحەممەد دلێر
بۆچی مەلا سەدرا فەلسەفەکەی خۆی ناونا "الحکمة المتعالية"؟
مەلا سەدرای شیرازی وشەی "حیکمەت"ی لە جێی وشەی فەلسەفە بۆ قوتابخانە "فەلسەفی - عیرفانی"یەکەی بەکار هێنا و، ناوی نا "الحکمة المتعالية - دانایی باڵا".
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک وەک لە کتێبی "الحکمة المتعالية والملا صدرا"دا هاتووە، لەوانە:
یەکەم: مێژووی حیکمەت زۆر لە فەلسەفە کۆنترە، کە بەرامبەرە بە وشەی "سۆفیا - Sophia"ی یۆنانی، کە ئەم وشەیە بۆ بوارە فەلسەفییەکان بەکار دەهات، تا ئەو کاتەی سوقرات گۆڕی بۆ وشەی فەلسەفە و، دواتر فەلسەفە تایبەتمەندێتی زیاتری پەیدا کرد و، زۆر شت کە پێشتر بەشێک بوون لە "حیکمەت" لە فەلسەفەدا لێکرانەوە و بوونە بواری سەربەخۆ.
دووەم: لە ڕابردوودا "حیکمەت" هەموو زانستە سروشتی و بیرکارییەکانیشی دەگرتەوە و، کەسی دانا واتە "الحكيم" مرۆڤێکی ڕوئیا فراوان و، شارەزای هەموو زانستەکان بووە، بەراورد بە زاناکانی دیکە.
سێیەم: دانایی"حیکمەت" لە قورئان و فەرموودەدا زۆر پەسن کراون، لەکاتێکدا هیچ باسێک لەبارەی فەلسەفەوە لە ئارادا نەبووە.
چوارەم: حیکمەت ناوەڕۆکێکی کۆکەرەوەی هەیە بۆ هەردوو بواری فەلسەفە و عيرفان، مەلا سەدرا بە بەکارهێنانی واژەی حیکمەت توانی ئاشتبوونەوەیەک بسازێنێت لە نێوان هەردوو تەیاری فەلسەفە و عیرفاندا
و لە قوتابخانەکەيدا بە ناوی حيکمەتی موتەعالی کۆیان بکاتەوە و قسانێک بکات کە هەم فەلسەفی و هەمیش عیرفانی بن واتە حیکمەت بن
لە ڕاستيدا واژەی "حیکمەی موتەعالیە - دانایی باڵا" لە بەرهەمە عیرفانییەکانی ئیبن سینا و "قەیسەری"ی ڕاڤەکاری "فصوص الحکم"ی ئیبن عەرەبیشدا هاتووە وەک "سیفەت - نیشانە"
بەڵام مەلا سەدرا کردیە ناونیشانی کتێبێکی گرنگ و کاریگەری خۆی و فەڕمیانە بەکاری هێنا، تا وای لێهات کە مەلا سەدرا بە خاوەنی وشەی "حیکمەی موتەعالی" بزانرێت و لە هەرشوێنێک ئەو واژەیە بەکار بێت، یەکڕاست بە مەلا سەدرواە گرێ دەدرێت.


سۆشیالمیدیاکانی نووسەر:

